 بەیاننامەى هاوبەشى کومیتەى ژنانى تەشکیلاتى کۆمەڵە و یەکێتى ژنانى دێمۆکراتى کوردستانى ئێران سەبارەت بە مەحکوم کردنى حوکمى ئێعدام بۆ زیندانیانى سیاسى کورد
ئازادیخوازان، ژنانى تێکۆشەر و چالاکانى بوارى مافەکانى مرۆڤ هێشتا دوو مانگ لەئێعدامى دوو زیندانى سیاسى کورد بە ناوەکانى ئێحسان فەتاحییان و فەسیح یاسەمەنى تێنەپەریوە کە جارێکى دیکە رژیمى تیرۆر و وەحشەتى کۆمارى ئیسلامى ئێران بەنیازى ئێعدامى چالاکانى سیاسى کورد لە ژێر ناوى موبارزە لەگەڵ موحاربەیە کە لەو نێوەدا دەتوانین ئاماژە بە دوو کەس لە چالاکانى ژن لە زیندانەکانى رژیم بە ناوەکانى شیرین علم هویی و زەینەب جەلالیان بکەین کە بە تۆمەتى هاوکارى لەگەڵ حزبە کوردستانییەکان حوکمى لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە.
پێداچوونەوە بە دۆسیەى دوو زیندانى سیاسى دیکەى کورد بە ناوەکانى قادر موحەممەد زادە و موحەممەد ئەمین عەبدوڵلاهى و گۆرینى حوکمى هەرکام لەو دوو کەسە لە 32 و 20 ساڵ زیندانەوە بۆ ئێعدام، لە هەوڵە دژە مرۆییەکانى ئەو رژیمەیە. دوو زیندانى سیاسى دیکەى کورد بە ناوەکانى عەدنان حەسەن پور و هیوا بوتیماریش کە بەم دواییانە گوازراونەتەوە بۆ ژورە تاکەکەسییەکان، گومانى ئەوە دەکرێت کە سەرەراى هەڵوەشاندنەوەى حوکمى پێشوویان کە ئێعدام بوو، لە زیندانەکانى رژیم بە شێوەى گوماناوى گیانیان لەدەست بدەن. ئەو دوو هەڵسوراوە کوردە بۆ ماوەیەکى دور و درێژە کە لە زیندانەکانى کۆمارى ئیسلامیدا دەست بەسەرن و بەم دواییانە لە نارەزایەتى بە ئاڵۆزتر بوونى بارودۆخى دۆسیەکانیان لە زیندان دەستیان داوەتە مانگرتن. لە لایەکى دیکەوە لەئێستادا زیاتر لە 20 زیندانى سیاسى کورد لە زیندانەکانى کۆمارى ئیسلامیدا دەست بەسەرن کە هەرهەموویان بە ئێعدام مەحکوم کراون و پێشبینى ئەوە دەکرێت کە لەئەگەرى پەرەسەندنى نارەزایەتییەکانى ئەم دواییانەى ئێران، رژیم بە مەبەستى تۆقاندنى خەڵک و هێور کردنى بارودۆخەکە، لەسێدارەیان بدات. دەسەڵاتدارانى نیگەران لە گەشەى بزوتنەوەى نارەزایەتى ئێستاى ئێران بە مەبەستى پێکهێنانى کەشى ترس و تۆقاندن دەستیان داوەتە هەموو جۆرە کردەوەیەکى دڕندانە لە ئاستى ئێراندا و لە هیچ جۆرە هەوڵێکى دژە مرۆییانە خۆیان ناپارێزن. بێجگە لەمانە، ئاشکرایە کە دەوڵەتى کودتا لەهەوڵ دایە سەرنجى بیروراى گشتى بەرەو ناوچە کوردنشینەکان رابکێشێت و نامەشرووع بوون و بَى توانایی خۆی لە بێدەنگ کردنى نارەزایەتییەکانى ئەم دواییانە لە ناوەند، بە زەق کردنەوەى دروشمى میللى گەرایانەى ئێرانى حوکمى ئێعدامى چالاکانى سیاسى کورد و باقى کەمایەتییە ئاینى و ئتنیکییەکانى دیکەى ئێران جێبەجێ بکات. بەم شێوەیە ئێمە کومیتەى ژنانى تەشکیلاتى کۆمەڵەى کوردستانى ئێران و یەکێتى ژنانى دێمۆکراتى کوردستانى ئێران ئەو حوکمە دەرکراوە نامرۆڤانایەى رژیم مەحکوم دەکەین و داوا لە رێکخراوە دێمۆکراتیکەکان، رێکخراوەکانى مافى مرۆڤ و چالاکانى ئازادیخواز و تێکۆشەرانى بزوتنەوەى ژنان دەکەین بە مەبەستى هەڵوەشاندنەوەى ئەو جۆرە حوکمانە و ئاشکرا کردنى سیاسەتە سەرکوتگەرانەکانى رژیمى کۆمارى ئیسلامى هەوڵ بۆ یەکدەنگى و یەک هەڵوێستى بدەین و رێگە نەدەین کە بەو شێوەیە بەلەبەردەم تێغ دانانى ئازادیخوازان، لە بزوتنەوە تۆڵە بستێننەوە.
یەکێتى ژنانى دێمۆکراتى کوردستانى ئێران کومیتەى ژنانى تەشکیلاتى کۆمەڵەى کوردستانى ئێران 3ى رێبەندان 1388ى هەتاوى 23ى ژانویەى 2010ى زاینى.
urmiye له ڕۆژی January 26 2010 22:37:51
| ·
|
|