ئۆسلۆ،21/1/2010
له‌م رۆژانه‌دا له هاوڕێیه‌کم بیست که خاڵۆ شه‌ریف یاری خه‌ڵکی ئاوایی قه‌ڵاواڕی مامه‌ی پهریجان(محهممهدپهریجان) له سوئید کۆچی دوایی کردووه. ئه‌و وتی: ده‌یهه‌وێ به‌و بۆنه‌یه‌وه بچێ بۆ به‌شداری پرسه‌که‌ی. ئه‌و رۆژه هاوکات له شارۆچکه‌یه‌کی نزیک ئۆسلۆش بۆ کۆچی دوایی خاڵۆ خواداگ(خوداداد)ی باوکی داده مریه‌م، رێ و ره‌سمی پرسه هه‌بوو. منیش هه‌رچی له گه‌ڵ کات کردم و هێنام، بۆم نه‌لوا به‌شداری سه‌ره‌خۆشی خاڵۆ شه‌ریف بم، چوونکه ده‌بوو رۆژه‌که‌ی واته رۆژی هه‌ینی بچمه سه‌ره‌خۆشی باوکی مریه‌م و شه‌وه‌که‌شی بچمه سه‌رکار. له‌وه‌ش نه‌گونجاوتر رۆژی دواتر( رۆژی شه‌ممه) له ئۆسلۆ ده‌بوو به‌شداری ئاهه‌نگی 64 مین ساڵیادی کۆماری کوردستان بم.
ئه‌و هاوڕێیه‌م که باسی خاڵۆ شه‌ریفی بۆ من و چه‌ند که‌سێکیتر ده‌کرد، نه‌یده‌زانی من خاڵۆ شه‌ریف و بنه‌ماڵه‌که‌ی ده‌ناسم. مه‌رگ و له دنیا ده‌رچوون ناخۆشه، به تایبه‌ت بۆ ئێمه‌ی هه‌تڵه‌ی دووره وڵات. ئه‌گه‌رچی خاڵۆ شه‌ریف له ته‌مه‌نی پیاوێکی کامڵدا کۆچی دوایی کرد به‌ڵام مه‌رگه‌که‌ی بۆ بنه‌ماڵه‌که‌ی و خزم و ئاشنایانی هه‌واڵێکی ناخۆش بوو. چوونکه کۆچێکی هه‌تاهه‌تایی یه و به گۆڕغه‌ریبی سه‌ری ناوه‌ته‌وه و ئیتر ناگه‌ڕێته‌وه.
مردنی ئه‌م پیاوه بیره‌وه‌رییه لێکچڕژاوهکانی سی، چل ساڵ له‌مه‌وبه‌ری ژیاندمه‌وه. به خه‌یاڵ گه‌ڕامه‌وه بۆ ده‌شتی زه‌هاو. ئه‌م ده‌شته هه‌ڵکه‌وته‌یه‌کی سه‌رنجڕاکێشی هه‌یه. له ساڵانێکی گه‌لێک له‌مه‌وبه‌ره‌وه تا ئێستا، خه‌ڵکێکی زۆر له‌و ده‌شته‌دا پێکه‌وه ده‌ژین. هه‌موویان کوردن. ته‌نیا جیاوازی یه‌کی بچووک ده‌بینرێ، ئه‌ویش جیاوازی زاراوه و ئایینه. به‌شێکی زۆریان به ئایین سونی مه‌زهه‌ب و به زاراوه، "کوردی سۆرانی"ن. له پاڵ ئه‌و به‌شه‌شدا، به‌شێکی نه چه‌ندان که‌م به زاراوه‌ی کوردی خوار(گۆرانی، که‌ڵهوڕی) ده‌په‌یڤن و له باری ئایینی یه‌وه سه‌ر به ئایینی "یاری، ئه‌هلی هه‌ق"ن.
له ناوه‌ڕاستی گونده‌کانی نه‌وشیروان، کۆئیک و ئه‌لیاسی دا، سێ ئاوایی به ناوه‌کانی قه‌ڵاواڕی سلتان مرای(سولتان موراد)، مامه‌ی پهریجان(محه‌ممه‌د پهریجان) و سه‌ی مامه‌ی(سه‌ید محه‌ممه‌د) هه‌ڵکه‌وتوون که کوردی "یارسانی"ن. ماڵی خاڵۆ شه‌ریف وێڕای براکانی دیکه‌ی به ناوه‌کانی جه‌مشێر(جه‌مشید)، حه‌بیب و غه‌یدان له دێی مامه‌ی پهریجان دا ده‌ژیان. غه‌یدان به گه‌نجی کوژرا، دوای مه‌رگی غه‌یدان، حه‌بیب سه‌ری نایه‌وه و؛ خاڵۆ جهمشێریش که براگه‌وره‌ی بنه‌ماڵه‌ی یاری بوو، دوای کۆتایی شه‌ڕی عێراق، ئێران، له ئۆردووگای رومادی یه‌وه گه‌ڕایه‌وه وڵات و پاش تێپه‌ڕاندنی ده‌ورانی زیندانی کۆماری ئیسلامی و ئازادبوونی، کۆچی دوایی کرد. به‌م پێ یه، خاڵۆ شه‌ریف دوایین برای بنه‌ماڵه‌ی یاری بوو که له وه‌چه‌ی پێشوو مابوو. له گه‌ڵ ناردنی ره‌حمه‌ت بۆ گیانی خاڵۆ شه‌ریف و کۆچکردووه‌کانی ترمان، حه‌زم کرد به بیانووی ئاشنایی خۆم و ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه، چه‌ند بڕگه‌یه‌ک له بیره‌وه‌رییه‌کانی سه‌رده‌می منداڵیم که پێوه‌ندی به بنه‌ماڵه‌ی یاری و ئێمه‌وه هه‌یه، بخه‌مه به‌ر دیدی خوێنه‌ران:
ئاوایی ئێمه که به ئه‌لیاسی قه‌ره‌سه‌نی یان "خه‌لیفه حوسه‌ین" ناسراوه، له باکووری هه‌ر سێ گوندی قه‌ڵاواڕی و له بناری کێوی بایکه‌وان هه‌ڵکه‌وتووه. قشڵاخ و ئێڵاخمان له ته‌نیشت یه‌که. ئه‌وسا زستانان له دێ و هاوینان له هه‌واره‌کانی داڵه‌هۆ، پێکه‌وه یان دوور و نزیک له یه‌ک رۆژگارمان به کۆچه‌ریی تێپه‌ڕ ده‌کرد. بنه‌ماڵه‌ی ئێمه ساڵێکی هاوین له گه‌ڵ ئاوایی خاڵۆ سلتان مرای وه‌ک ژێرماڵه‌ی ماڵی خاڵۆ حه‌مه‌مراد ناسراو به (هه‌می سڵکه) چوونه داڵه‌هۆ. ئه‌و ساڵه‌م به درێژیی له ده‌فته‌ری بیره‌وه‌ی خۆمدا نووسیووه که هیوادارم تا له ژیان دام، بتوانم له چاپی بده‌م. له گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی یاری تێکه‌ڵاوییه‌کی زۆرمان هه‌بوو. جگه له هاتووچۆی به‌رده‌وام و سه‌ردانی یه‌کتر، چه‌ند ساڵێک زه‌وی و زارمان پێکه‌وه شه‌ریک بوو. وه‌ک خۆم له‌بیرم بێ، ساڵێک به یه‌که‌وه زه‌وی یه‌کانمان کێڵا و تۆومان کرد و ده‌غڵ و دانهکهشمان پێکه‌وه به یه‌کسان له نێو 2 بنه‌ماڵه‌دا دابه‌ش کرد. ئه‌و 4 برایه ئه‌و کاته له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌ر 4 یان ژنیان هێنابوو، به‌ڵام وه‌ک یه‌ک بنه‌ماڵه له گه‌ڵ یه‌ک ده‌ژیان.
ئه‌وه‌م له بیرچوو باسی بکه‌م، کوێستانه‌کانی داڵه‌هۆ چه‌ند قۆناغێکی هه‌بوو که خه‌ڵکی ئه‌و چاخه ده‌بوو وه‌ک کۆچه‌ر و ره‌شماڵ ساڵانه تێپه‌ڕی بکه‌ن. به‌هار بۆ له‌وه‌ڕاندنی مه‌ڕ و ماڵات، له پێده‌شت و به‌ره به‌ره بناری کێوی بایکهوانهوه هه‌ڵده‌کشان بۆ هه‌واره‌کانی سیره‌که و پاشان ته‌خت و دواتر نووروهڕهکه و سه‌ره‌وه‌ی داڵه‌هۆ. له مانگه‌کانی پووشپه‌ڕ و گه‌لاوێژه‌وه دادهکشانه خواره‌وه بۆ سیاوانه و مێرگه‌سار و... مانگێک پاشتر بۆ تلهشهقهکه و... له هه‌ر کام له‌م شوێنانه، به‌رنامه‌ی ژیان به پێی نه‌ریتی ئه‌و کاته ره‌چاو کرابوو. وه‌ک ئاماژه‌م پێ‌کرد به‌هاران بۆ له‌وه‌ڕاندنی مه‌ڕ و ماڵات و که‌ڵک وه‌رگرتن له گژ و گیا و به‌ر و بوومی داڵه‌هۆ، له‌وانه چنینی پیچک، کارگ(قارچک)، سوورۆنه، زۆ، دۆزینه‌وه‌ی هێلانهکهو و دواتر کاری تاقه‌تپڕووکێنی که‌تیره(جه‌وی). هه‌ر وه‌ها رنینی که‌ما و لۆ، چنوور و ...هتد. ئه‌م گژ و گیا و به‌رهه‌مه به‌هارانه‌یه له هه‌واره‌کانی ته‌خت، نووروهڕهکه، عهڵهمهکه، حه‌سێڵی که‌ریمخان، ده‌شته‌کانی جانی کوژیاگ و دهمارهکۆڵه، لووتی خووگ و کوچکهقوته هه‌بوون و خه‌ڵک بۆ ماوه‌یه‌ک پێ یانه‌وه خه‌ریک ده‌بوون. پاشان هاوکات له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌شێک له خه‌ڵکی ئاوایی به‌ره‌و گه‌رمه‌سێر بۆ دروێنه ده‌چوون و له‌وێ بنهگهلهیان سازده‌کرد، به‌شێکیش له بنه‌ماڵه‌کان که له داڵه‌هۆ بوون، به‌ره‌و سیاوانه و مێرگه‌سار و بهڕووداره(بهڕووگاره) و... داده‌کشان و به بێستان و رهنێوهێنان و کۆکردنه‌وه‌ی گوێز و گویژ(گۆیژ)، ژیان یان خۆش ده‌کرد. ئاخرین قۆناغی پێش گه‌ڕانه‌وه بۆ قشڵاخ، بێجگه له چنینی مازوو و به‌ڕوو، هێنانی دار(چیلک)یش بۆ سووته‌مه‌نی زستانان بوو. بۆ ئه‌وه‌ی ئۆجاخی ماڵ و کووره و سۆبه‌ی زووسان گه‌رم و خۆش بێ، ده‌بوو به باری قاتر(هێستر) دار له دارستانه‌کانی داوێنی داڵه‌هۆ وه‌ک سیره‌که، تلهشهقهکه و... هتد کۆبکرێته‌وه و بگه‌یه‌ندرێته قشڵاخ. باسی هێنانی دار و گێچه‌ڵی ئیداره‌ی دارستان واته جه‌نگه‌ڵبانی که هه‌موو پاییزانێک کێشه‌ی بۆ خه‌ڵک سازده‌کرد، داستانێکی دوور و درێژه که ئه‌ویش هیوادارم له بیره‌وه‌ی یه‌کانم دا دواتر بتوانم بیخه‌مه به‌ر دیده‌ی خوێنه‌ر. له هه‌موو ئه‌م قۆناغانه‌ی ژیانی ئه‌و ساڵانه‌دا، دوور و نزیک له گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی یاری له پێوه‌ندی به‌رده‌وامدا بووین.
پاییزێکی ئه‌و ساڵانه که ماڵی خاڵۆ جه‌مشێر له تلهشهقهکه بوون و خه‌ریکی هێنانی دار و خۆکۆکردنه‌وه و گه‌ڕانه‌وه بۆ زه‌هاو بوون، خاڵۆجهمشێر له رێگا بۆ ماڵه‌وه، لای دایه ماڵی ئێمه و شه‌و له‌وێ مایه‌وه. دوای شام، له گه‌ڵ باوکم رێک که‌وتن که سبه‌ی منیش به قاترهکهی خۆمان له ته‌ک خاڵۆ جهمشێرا بچم بۆ تلهشهقهکه و بارێ دار بێنم. من ته‌نیا بیانوو بووم بۆ ئه‌وه‌ی بارێ دار به ماڵی خۆمان بگا، ئه‌گینا من ئه‌و کاته ته‌نیا کارێک که له ده‌ستم ده‌هات و پێم ده‌کرا، گه‌ڕان بۆ دۆزینه‌وه‌ی چه‌ند مازوویه‌ک بوو. بۆ من ئه‌و سه‌ردانه دنیایه‌ک خۆش بوو. چوونکه له پاییزاندا، زهقان (تیله یان ماتانیشی پێ ئێژن) ، یاری یه‌کی زۆر خۆشی نێو کوڕ و کاڵان بوو. تا زووسان که باران ده‌باری، له باتی زه‌ق یان ته‌شیله که شووشه بوو، بۆ ماتان له مازوو که‌ڵک وه‌رده‌گیرا. ئه‌و پاییزه و چوونم بۆ ماڵی خاڵۆ جه‌مشێر چه‌ند بیره‌وه‌رییه‌کی خۆشی له ژیانمدا رواند که ئێستاش هه‌ر له لاما سه‌وزن.
به‌ڵێ؛ مه‌رگی خاڵۆ شه‌ریف ئه‌م بیره‌وه‌ریانه‌ی جارێکی‌تر له لای من زیندوو کرده‌وه. له گه‌ڵ ئه‌م هه‌موو بیره‌وه‌رییانه‌دا، دوای ئه‌وه‌ی منیش وه‌ک سه‌دان بنه‌ماڵه‌ی دیکه، "ئۆردووگای رومادی"م به جێ هێشت و رێگای چاره‌نووسم به‌ره‌و ئورووپا گرته‌به‌ر، تا هه‌واڵی مه‌رگی خاڵۆ شه‌ریفم نه‌بیست، نه‌مزانی هاتوونه‌ته‌وه ده‌ره‌وه و له سوئید ده‌ژین! دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و هاوڕێیه باسی کرد، تێگه‌یشتم که پاش رووخانی رێژیمی سه‌ددام له ساڵی2003دا، بنه‌ماڵه‌ی خاڵۆ شه‌ریف وێڕای ده‌یان بنه‌ماڵه‌ی دیکه رێگای چاره‌نووسیان گرتۆته به‌ر و دوای چه‌ند ساڵ ژیان له سه‌ر سنووری عێراق، ئوردوون له سوئید وه‌رگیراون و له‌و کاته‌وه له‌وێ ده‌ژین.
ژیانی نه‌ته‌وه‌یه‌کی بنده‌ست وه‌ک نه‌ته‌وه‌ی کورد له ژێرچه‌پۆکه‌ی ئه‌و وڵاته داگیرکه‌رانه‌دا هه‌موو ده‌م له‌وه خراپتر بووه، هه‌تا ئه‌و نیزامانهش وه‌ک سه‌ددام و رێژیمه‌که‌ی گۆڕ نه‌کرێن، ناتوانین هیواداربین که باری ژیانمان به‌ره‌و باشی بگۆڕێ.
مادام مه‌رگی خاڵۆشهریف له لای من، وه‌بیرهێنه‌ره‌وه‌ی ئه‌و گشت بیره‌وه‌ریانه‌یه، مادام مه‌رگ و ژیان مان پێوه‌ندییه‌کی ئاوا توند و تۆڵی پێکه‌وه هه‌یه، مادام ئاواره‌بوون و لانهورێزیشمان هه‌ر له به‌ر ئه‌وه‌یه یه‌ک نه‌ته‌وه‌ین، که‌واته ده‌بێ بۆ خۆشمان له بیری پاراستنی یه‌کیه‌تی ریزه‌کانی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌دا بین. له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی نابێ له تێکده‌ران و خۆشکهرانی ئاگری دووبه‌ره‌کی خۆش بین، ناشبێ هه‌وڵ بده‌ین په‌ترۆی زامه کۆنه‌کان هه‌ڵبده‌ینه‌وه که گێڕانه‌وه‌یان له حاڵی ئێستادا جگه له چاندنی تۆوی دووبه‌ره‌کی، هیچ خزمه‌تێکمان ناکا.
به‌م چه‌ند دێڕه، دێمه کۆتایی ئه‌م باسه و جارێکی‌تر هه‌ر چه‌ند تۆزێکیش دره‌نگ بووه، به بۆنه‌ی کۆچی دوایی خاڵۆ شه‌ریفه‌وه، سه‌ره‌خۆشی له بنه‌ماڵه‌ی یاری و سه‌رجه‌م خزم و که‌س و کاری خوالێخۆشبوو ده‌که‌م.